شاعیر: موفتی پێنجوێنی
کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی
سەرناو: موفتی مەبە عاجز لە کەسێک پێت دەڵێ بابی

موفتی مەبە عاجز لە کەسێک پێت ئەڵێ: بابی
چونکە کەرە خۆی و نەوە و دایک و بابی

زاهید کە بە خوێنی جگەری خەڵقە ژیانی
من کافر و بێ دینم و ئەو قوتبە جەنابی

بەرماڵی ڕیا سۆفی لە شان و ملی لابا
زۆر چاترە هێشتا عەرەق و نۆشی شەرابی

خۆ گەر لە مەلیک بێ نەتەوە و نان و بەراتی
حاشا لە هەموو نیعمەت و خۆرشت و بەراتی

پارەی بڕژێ هەروەکوو لافاوی بەهاری
نێزیکی نەبی لادە لە ئیش و لە کاری

لێی لادە بەجارێ نەتەوەیی مەجلیس و شەوقی
عیشوەترە بۆ نەزم و و هەوای چەنگ و ڕەبابی

تا پێت ئەکرێ دوور بە لە دووکان و لە ماڵی
با بێ غەم و مەینەت لە شەڕ و فیتنە ڕەها بی

سەد دەفعە قەڵای خەیبەری بۆ بگری و بمری
مەهتووکی لەبەر چاوی ئەگەر نوتفەیی شا بی

گەر خۆت بە هیلاکا بەری بۆ خزمەتی دایم
ئاسوودە بە تۆ هاودەم و هاوسوحبەتی نابی

ئەولادی وەتەن گوێ مەدە بۆ فکری خەرافات
هەوڵێکی ژیانت بدە تا گەنج و شەبابی